الأربعاء، 9 مايو 2012

(ئیسلام په‌یك) بۆ ڕقی له‌ سه‌له‌فیه‌ته‌؟.. نوسینی: خه‌سرۆ مه‌نتك

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌له‌فیه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ فه‌همی ئه‌و سه‌دانه‌ی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان (صلى الله عليه وسلم) شایه‌تی به‌خه‌یریه‌تی داون، بۆیه‌ دوژمنانی ئه‌و ئیسلامه‌ هه‌رده‌م له‌هه‌وڵی ناشرین كردنی ئه‌و ناوه‌ن، خۆرئاوا كه‌زانی بۆی ناكرێ دژایه‌تی ئیسلام بكات پیلانه‌كه‌ی هه‌ڵگێرایه‌وه‌ و ئێستا ده‌ڵێ ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئیسلام نی یه‌ وه‌كو ئاین به‌ڵكو كێشه‌مان له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنێكی تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ ئیسلام كه‌ پێی ده‌وترێت سه‌له‌فیه‌ت،
له‌میدیاكانی خۆرئاوا ووشه‌ی توندڕه‌وی به‌رامبه‌ر به‌سه‌له‌فیه‌ت به‌كار دێنن، پێشتر ده‌یان ووت: ئیسلامی توند ڕه‌و ئێستا ده‌ڵێن توند ڕه‌وه‌ سه‌له‌فییه‌كان، دیاره‌ به‌كارهێنانی ئه‌و زاراوه‌یه‌ جوت دێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پیلانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی كه‌زانییان له‌ژێر دروشمی دژایه‌تی ئیسلام پێی ناگه‌ن، زۆر جار داوای گۆرینی مه‌نهه‌جی په‌روه‌رده‌ ده‌كرێ له‌سعودیه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بانگه‌وازی سه‌له‌فی زیاتر زاناكانی سعودی به‌رزیان كردۆته‌وه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ هه‌وڵی شه‌رعیه‌ت و به‌مه‌ركه‌زیه‌ت كردنی ده‌زگای ئه‌زهه‌ر ده‌ده‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاوانی ئه‌زهه‌ر به‌تایبه‌ت ئێستا زۆر به‌ئاسانی به‌ناوی عه‌قلانیه‌ت و گفتوگۆی ئاینه‌كان دێنه‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پیلانه‌ی لای دوژمنان نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه‌، خۆرئاوا ده‌زانێ هه‌موو بزووتنه‌وه‌ جیهادیه‌كان هه‌ڵقوڵاوی سه‌له‌فیه‌ته‌ بۆیه‌ له‌ڕێی ناشرین كردنی ئه‌و ناوه‌ ئومێده‌واره‌ ڕووبه‌ری ئه‌و بۆچونه‌ ته‌سك بكاته‌وه‌، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ی ووردبێته‌وه‌ له‌ میدیای جیهانی ئاكاری ئه‌و پیلانه‌ی زۆر به‌جوانی بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ .

مه‌به‌ست له‌و نوسینه‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ جیهانییه‌ نی یه‌ كه ‌له‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌ واته‌ (سه‌له‌فیه‌ت) به‌رپاكراوه‌، مه‌به‌ست‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و‌ شه‌ڕه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكێك له‌خۆمانن و دژی ئه‌و ناوه‌ به‌رپایان كردوه ‌(ئیسلام په‌یك) وه‌ك نمونه‌یه‌ك.

دوور نی یه‌ مامۆستایه‌كی ئاینی شافعی مه‌زهه‌ب ئه‌شعه‌ری عه‌قیده‌ دژایه‌تی سه‌له‌فیه‌ت یا وه‌هابیه‌ت بكا یا مامۆستایه‌كی صۆفی، ئه‌وانه‌ واحاڵی كراون سه‌له‌فییه‌كان یا وه‌هابیه‌كان باوه‌ریان به‌ سه‌ڵا‌وات و سه‌ر مه‌زهه‌به‌كان نی یه،‌ زۆرجار وه‌ زۆر له‌و مامۆستایانه‌ ده‌ڵێن كه‌سی سه‌له‌فی ئیمامی شافعی و ئیمامی حه‌نه‌فی و ئیمامی مالیكی و ئیمام ئه‌حمه‌دیان پێ ئیمام نی یه‌ (په‌نا به‌خوا) ده‌كرێ له‌گه‌ڵ ئه‌و مامۆستا به‌رێزانه‌ گفتوگۆ و وه‌ڵام و وه‌ڵامدانه‌وه‌‌ ببێت تا ڕاستیه‌كان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش ئاسایی یه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی نائاسایی یه‌ دژایه‌تی ئه‌و ناوه‌ واته‌ سه‌له‌فیه‌ت بكرێت له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ڕازی كردنی ئه‌هلی بیده‌ع.

(ئیسلام په‌یك) ماڵپه‌رێكی ئیسلامی یه‌ و لای ئه‌و برایانه‌ ڕوونه‌ كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كام حیزبی ئیسلامی یه‌، گرنگه‌ دیراسه‌ی ئه‌و خاڵانه‌‌ بكرێت كه‌ ئه‌و سایته‌ له‌پێناویه‌وه‌ دژایه‌تی ناوی سه‌له‌فیه‌ت ده‌كا.

ئه‌و سایته‌ له‌ رۆژی 20/07/2011 بابه‌تێكی بڵاو كردۆته‌وه‌ به‌ناوی ( به‌ ڤیدۆیی بیبینه‌ ........ مه‌لا عومه‌ر جنگیانی (سه‌له‌فی) : شانازی ده‌كه‌م من ده‌روێشی ڕێبازی بارزانیم). نوسه‌ری ئه‌وه‌ بابه‌ته‌ هه‌ر خۆیه‌تی واته‌ ئیسلام په‌یكه‌، وه‌ پێشتریش چه‌ند بابه‌تێك هه‌ر به‌ناوی خودی ئه‌و سایته‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ وه‌كو ( به‌به‌ڵگه‌وه‌ ئيسلام په‌یك ، ته‌زویر و ته‌دلیسی‌ (سه‌له‌فییه‌كان) له‌ كتێب و نووسراوی‌ (زانایان ) ئاشكرا ده‌كات) . خۆی نوسه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ كه‌سێك ئاماده‌ی كردوه‌ به‌ناوی (عەبدوڵڵا فائق عاڵایی) به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژایه‌تی سه‌له‌فیه‌تی تیایه‌ ئیسلام په‌یك له‌خۆشیان له‌ژێر ئه‌و ناوه‌وه ‌بڵاوی كردۆته‌وه‌ (ئيسلام په‌یك) ته‌زویر و ته‌دلیسی‌ (سه‌له‌فییه‌كان) له‌ كتێب و نووسراوی‌ (زانایان ) ئاشكرا ده‌كات.

یا زۆر جار زۆر دڵ ڕه‌شانه‌ هه‌وڵی تێكه‌ڵ كردنی هه‌ردوو ناوی مه‌دخه‌لی و سه‌له‌فی ده‌دات.

لێره‌ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كرێ تۆ بڵێی ئیسلام په‌یك ئه‌وه‌نده‌ ناحاڵی بێ له‌واقیعی كوردستان نه‌زانێ سه‌له‌فیه‌ت و مه‌دخه‌لیه‌ت دوو ڕێبازی له‌یه‌ك جوودان ؟!

یا ئیسلام په‌یك هه‌نده‌ غه‌شیم بێت نه‌زانێ مه‌لا عومه‌ری جنگیانی سه‌له‌فی نی یه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سه‌ واته‌ (مه‌لا عومه‌ر) خۆی كه ‌ئه‌وه‌ش فه‌زڵی خوای په‌روه‌ردگار بوو ناوی سه‌له‌فی له‌خۆی كرده‌وه‌ و ووتی من جنگیانیم نه‌وه‌ك سه‌له‌فی، مه‌به‌ستی ئیسلام په‌یك چی یه‌ له‌ناساندنی ئه‌و كه‌سه‌ به‌سه‌له‌فی؟

به‌بۆچونی من ئیسلام په‌یك ئه‌و كارانه‌ی ده‌كات له‌به‌ر سێ خاڵ:

یه‌كه‌م: ئیسلام په‌یك هه‌وادارو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی حیزبێكی ئیسلامی خاوه‌ن په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر تونده‌ له‌گه‌ڵ ئێران، ئێرانیش ئه‌وه‌نده‌ی له‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی سه‌له‌فیه‌ت ده‌ترسێ له‌بڵاو بوونه‌وه‌ی هیچ بیرو بۆ چونێكی تر ناترسێ، به‌تایبه‌تیش ئه‌و كاته‌ی كه‌ناڵی ئه‌سه‌ر ڕێی به‌چه‌ند مه‌دخه‌لیه‌كدا له‌ كه‌ناڵه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌زمانی كوردی به‌رنامه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن. ئێران چاك ده‌زانێ مه‌دخه‌لیه‌ت و سه‌له‌فیه‌ت له‌یه‌ك خاڵ یه‌كده‌گرنه‌وه‌ دژایه‌تی ڕه‌وافیز هه‌ر له‌و كاتیشه‌وه‌ به‌رنامه‌كانی سه‌رنج له‌كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام په‌خشكرا، شه‌ڕه‌كانی كۆمه‌ڵیش له‌گه‌ڵ مه‌دخه‌لیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی چه‌مك و واتاكان نه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ڕازی كردنی ئێران بوو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ سه‌له‌فیه‌كانی ناو كۆمه‌ڵ ئاماده‌ن باسی هه‌موو بیدعه‌یه‌ك بكه‌ن به‌ڵام ئاماده‌نین باسی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕه‌وافیز و به‌شیعه‌كردن بكه‌.

دووه‌م: ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئیسلام په‌یك ده‌كه‌ن هه‌ڵگرو درێژه‌ پێده‌ری فیكرێكی ئیعتیزالین، ڕه‌د كردنه‌وه‌ی حوكمی ڕیده‌و حه‌ڵاڵ كردنی گۆرانی و مافی پیاو و مه‌قامی ئافره‌ت و زۆر له‌بابه‌ته‌كانی تر كه‌ له‌كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام به‌تایبه‌تی له‌ به‌رنامه‌كه‌ی سه‌رنجی جه‌نابی ئه‌میر په‌خش ده‌كرێ یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی كه‌ سه‌ر په‌رشتی ئیسلام په‌یك ده‌كات ئه‌و دوو هێڵه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر مه‌عهه‌دی فیكری عاله‌می كه‌ شه‌یخی موعته‌زیله‌كانی سه‌رده‌م (طه جابر العلواني) سه‌ر په‌رشتی ده‌كات. گرنگه‌ خوێنه‌ر بزانێ ئیعتیزال له‌ژێر سێبه‌ری ڕه‌وافیز زۆر به‌جوانی ده‌ڕسكێ، شه‌یخی هه‌موو موعته‌زیله‌كان (القاضي عبد الجبار) له‌ژێر سێبه‌ری ده‌وڵه‌تی شیعه‌ (الدولة البويهية) كرا به‌ گه‌وره‌ی هه‌موو قازیه‌كان ( قاضي القضاة) ساڵی 360 كۆچی.

بۆیه‌ شه‌یخ (الاسلام ابن تیمیه‌ و ئیمام ئه‌شعه‌ری و ئیمام عبد القاهر البغدادي) له‌كتێبه‌كانیان ئاماژه‌یان به‌ چاك پێكه‌وه‌ گونجانی شیعه‌و مه‌عته‌زیله‌ كردوه‌. دژایه‌تی سه‌له‌فیه‌ت له‌ ئیسلام په‌یك و قبوڵ نه‌كردنی سونه‌ت له‌ كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام هه‌ر دووكیان له‌و خاڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌.

سێ یه‌م: ئیسلام په‌یك پێی وایه‌ زۆرینه‌ی مامۆستا ئاینیه‌كان له‌گه‌ڵ حیزبه‌كه‌یان بێت باشتره‌ له‌ زۆرینه‌ی گه‌نجه‌كان، بۆیه‌ هه‌وڵده‌دات مامۆستایانی ئاینی بهێنێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ سود وه‌رگرتن له‌ پله‌و پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و به‌رێزانه‌ به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌ی كه‌ پێویستیان به‌ده‌نگه‌كان هه‌یه،‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ بۆ رازی كردنی دڵی ئه‌و مامۆستایانه‌ زۆر جار وه‌كو بڵێی سه‌له‌فیه‌ت به‌تۆمه‌ت ده‌زانن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌و نوسینانه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ له‌خۆیان دورخه‌نه‌وه‌و به‌صۆفی و ئه‌شعه‌ری و موته‌عه‌صیبێکی مه‌زهه‌بی بڵێن ئێمه‌ سه‌له‌فی نین به‌ڵگه‌ش ئه‌و نوسینانه‌یه‌.

له‌كۆتاییدا به‌هه‌موو ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌ڵێین كه‌ دڵسۆزی سه‌له‌ف و مه‌نهه‌جی سه‌له‌فن چۆن هه‌ستیان به‌ترسناكی مه‌دخه‌لیه‌كان كردوه‌ باس له‌بیدعه‌ی ئه‌وان ده‌كه‌ن ئاواش ئاورێك له‌ موعته‌زیله‌و فیكری ئیعتزال بده‌نه‌وه‌، خه‌ڵكی حاڵی بكه‌ن له‌وه‌ی نه‌كه‌ن پشتگیری حیزبێك بكه‌ن دژایه‌تی مه‌نهه‌جی سه‌له‌ف ده‌كات.

خه‌سرۆ مه‌نتك

0 تێبینیه‌کان:

إرسال تعليق

 

هه‌ڵبژارده‌ی بابه‌ته‌کان

ئه‌ب بابه‌ته‌ بنێره‌ بۆ

Twitter Delicious Facebook Digg Stumbleupon Favorites More